وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: حکومەتی هەرێم دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان نابێت

لۆگۆی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان
لۆگۆی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان

K24 - هەولێر:

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا.

ئەمڕۆ شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لەسەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن".

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، لەدوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە".

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاندووە، بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا و لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.  

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لەسەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن.

بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، لە دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە.

بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا.

لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.

لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێم وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی، یاسایی و دەستووریی.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/3/25