دەوامی فەرمانبەران کاتژمێرێک کەمکرایەوە

K24 – هەولێر:

 بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوەم لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، یەک کاتژمێر دەوامی رۆژانەی فەرمانبەران کەمدەکرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی کاتژمێرێک راگەیاند.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، یەک کاتژمێر دەوامی رۆژانەی فەرمانبەران کەمدەکرێتەوە و لەبری کاتژمێر 3، کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ دەوام کۆتایی دێت".

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی روونیکردووەتەوە، ئەم بڕیارە، تا کۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز بەردەوام دەبێت و دوای جەژن، دەوامی فەرمانبەران ئاسایی دەبێتەوە.