مەسرور بارزانی: ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن."

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، "لەیەکتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا."

مەسرور بارزانی گوتیشی: سبەی تیمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای نیازپاکی، درێژە بە گفتوگۆکانمان بدەین.

 

 

 

لەلایەکی دیکەوە،ن ئەمڕۆ شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لەسەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن".

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، لەدوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە".

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاندووە، بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا و لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.