رێباز حەملان: لێکتێگەیشتنی باش لەگەڵ بەغدا هەیە بۆ بەردەوامیدان بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان

ر
ر

K24 - هەولێر:

یاریدەدەرێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەردوامی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە و ئاشکرایکرد، لەگەڵ حکومەتی فیداڵی لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ ئەوەی بەردەوامی بدرێت لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و روونیکردەوە، بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی پێشتر کراوە، داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سندووقێک دادەنرێت کە بانکی ناوەندیی عێراق زانیاری لەبارەوە دەبێت، ئەم هەنگاوەشی بە شەفافییەت لە کارەکانی حکومەتی هەرێم وەسفکرد کە پێشتریش کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی راسپاردبوو وردبینی لەو داهاتە بکات.

رۆژی شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، لەمیانی بەشدایکردن لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری لەبارەی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس ئاماژەی بەوەکرد، بەداخەوە هەندێک لایەن لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵییەوە لە بڕیارەکەی دادگا دەڕوانن، لە کاتێکدا مووچەی هێزە چەکدارییەکانیان، پەرلەمانتاران و میدیاکارەکانیان لە داهاتی نەوت وەردەگرن.

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری گوتیشی، هەرێمی کوردساتن لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەری دژایەتی کراوە، بۆیە پێویست بوو ئەو لایەنانە، مەسەلە نەتەوەییەکەیان لەپێش چاوبێت، دواتر نیگەرانی و جیاوازییە سیاسییەکانیان بهێنایەتە پێشەوە.

هەروەها رێباز حەملان روونیکردەوە، ئەم بڕیارە نوێ نییە و دەمێکە عێراق ئەو داوایەی تۆمارکردووە و پێشتر بەغدا و ئەنقەرە لەسەر ئەوە رێککەوتن ئەگەر لەسەر ئەو بۆری گواستنەوەی نەوتە نەگەنە رێککەوتن، لە دادگا ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە و ئێستاش بڕیارەکە لە بەرژەوەندی عێراق و دژی تورکیا دەرچووە.

لەبارەی لایەنە ئەرێنییەکانی لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە، رێباز حەملان گوتیشی، ئەم بڕیارەی دادگا لەکاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا ئێستا لە قۆناغێکی باشدایە و پێش چەند رۆژێک سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیای کرد لێک نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولادا هەیە. هەروەها لە سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر رێککەوتنی لەبارەی بودجە کرایەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، پرسی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە بودجەدا کراوە.

هاوکات رێباز حەملان ئاماژەی بەوەشکرد، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە لەبارەی دۆسیەی نەوت و غاز و رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی باش هەیە و تەنیا لەبارەی چەند پرسێکی تەکنیکی ماوە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، بۆ ئەوەی هاوشێوەی پرۆژەیاسای بودجە، پرۆژەیاسای نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندبکرێت و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت.

هەروەها رێباز حەملان گوتیشی، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان نەوتی فرۆشتووە و بنەمایەکی یاسایی هەبووە و هیچ کارێکی نایاسایی و نادەستووری نەکردووە.

لەبارەی ئەو گرێبەستانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان ئەنجامیداوە، رێباز حەملان جەختی لەسەر پابەندبوونی کۆمپانیای سۆمۆ و حکومەتی عێراقی بەو گرێبەستانە کردەوە و رایگەیاند، ئەو گرێبەستانە لەسەر بنەمای ستانداردی نێوەدەوڵەتی و یاسای و رێنماییە کارپێکراوەکان ئەنجامدراوە.

لەدوای بڕیارەکەی دادگای فەرەنساش، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری باسی لەوەکرد، لەرێگەی گفتوگۆوە، رێککەوتن دەکرێت لەسەر رێکاری نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ بەغدا هەیە.

پرسی دابەشکردنی مووچەش بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکانی رێباز حەملان بوو و رایگەیاند، کاری لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەروەکو سەرۆک وەزیرانیش جەختی لەسەر کردووەتەوە، دابینکردنی مووچە بووە، پاشان خزمەتگوزارییەکانی دیکە و گوتیشی، ئەو ئاوەدانی و پرۆژانەی تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، بە داهاتی نەوت کراوە.

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و لە گفتوگۆی بەردەوامیش دەبن لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ بەردەوامیدان بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تا پەسەندکردنی بودجە و پرۆژەیاسای نەوت و غاز.

رێباز حەملان دووپاتیکردەوە، ئەو بڕیارەی دادگای فەرەنسا دەرخەری رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەش بوو کە پێشتر ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکرا سەبارەت بە بوونی رێککەوتنی 50 ساڵی لەگەڵ تورکیا و گوتی، ئەگەر ئەو رێککەوتنە هەبووایە ئێستا تورکیاش بەو شێوەیە پابەندی ئەو بڕیارەی دادگا نەدەبوو.

رێباز حەملان لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، کە هەموو بەرپرسیاریەتییەکانی هەڵگرتووە و سەرپەرشتی کاروبارەکانی حکومەت و دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا دەکات، لەکاتێکدا ئەم کابینەیە حکومەتێکی هاوپەیمانییە و دەبێت لایەنەکانی دیکەش بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسیارییەتە هەڵبگرن کە ئەم پرسە پەیوەندی بە قوتی هەموو خەڵکەوە هەیە.

فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەموو سێ مانگ جارێک لەلایەن کۆمپانیای دیلۆتەوە وردبینی دەکرێت و بۆ کۆمپانیای سۆمۆش شاراوە نەبووە، بۆیە لەمەودواش ئەو سندووقەی بۆ داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەپێی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی نێوان هەردوولا دانراوە و بانکی ناوەندیی عێراق زانیاری لەبارەی ئەو داهاتەوە دەبێت، کە چۆن کۆدەکرێتەوە و چۆن خەرجدەکرێت.