هاوبەشانی ئاو ئاگادار دەکرێنەوە

پێوەری ئاو
پێوەری ئاو

K24 – هەولێر

لەبارەی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ نوێکردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند زانیارییەک بڵاودەکاتەوە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویکردەوە: "دوای ئەوەی لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا بنكەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە پێشوازیی هاوبەشانی ئاودا دەبن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو".

وەزارەتی شارەوانی چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو:

1- بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار.

2- بەستنی پێوەر لە قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.

3- فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە بەستنی پێوەری ئاو، بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوبەشانی ئاو دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی نوێكراوەتەوە لێی سوودمەند بن.

4- پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە تاكوو 21/4/2023 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن، ئەگینا دوای ئەو ماوەیەی دیاریكراوە، ناتوانن لە داشكاندنەكەی حكوومەت سوودمەند بن.

5- بڕیارەكە چەند جارێكی تر لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان نوێكراوەتەوە و لە دوای 21/4/2023 چیتر نوێ ناكرێتەوە.