فەرەنسا بەکارهێنانی تیک تۆک و ئاپەکانی دیکە لە کارمەندانی حکومی قەدەغە دەکات

"بەمەبەستی گەرەنتیکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئیدارەکانمان و فەرمانبەرانی حکومی"
قەدەگەکردنی تیک تۆک
قەدەگەکردنی تیک تۆک

K24 - هەولێر:

حکومەتی فەرەنسا بەکارهێنانی تیک تۆک، تویتەر، ئینستاگرام و چەند ئاپێکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو مۆبایلانە قەدەغە دەکات کە تایبەتن بە کاری حکومی.

قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کارمەندانی حکومی لەدوای تویتێكی ستانیسلاس گێرینی، وەزیری گواستنەوەی فەرەنسا دێت کە تێیدا رایگەیاند، بەمەبەستی گەرەنتیکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئیدارەکانمان و فەرمانبەرانی حکومی، حکومەت بڕیاریدا بەکارهێنانی تیک تۆک و هاوشێوەکانی لەسەر تەلەفۆنی پیشەیی فەرمانبەرانی حکومی قەدەغە بکات.

وەزیرە فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی چەند هەفتەیەکە فەرەنسا و چەندین هاوبەشی ئەوروپی و نێودەوڵەتی رێوشوێنی سنووردارکردن یان قەدەغەکردنی دابەزاندن و بەکارهێنانی ئەپی (تیک تۆک)ـی چینی لەلایەن ئیدارەکانیانەوە گرتووەتەبەر.

بانگەوازەکان بۆ قەدەغەکردنی تیک تۆک لە ئامێرە حکومییەکان، دوای ئەوە پەرەی سەند کە کریستوفر رای، بەڕێوەبەری دەزگای FBI لە مانگی نۆڤەمبەری 2022 رایگەیاندبوو، تیک تۆک مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دروستکردووە.