سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەردانی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا دەکات

K24 - هەولێر:

رافایێل ماریانۆ گرۆسسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو سەردانی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا لە ئۆکرانیا دەکات.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە راگەیەندراوێکدا زانیاری لەبارەی سەردانەکەی گرۆسسی و نیگەرانییەکان لەبارەی سەلامەتیی وێستگەکە خستووەتەڕوو.

بە ئاماژەدان بەوەی کە هەفتەی داهاتوو لە میانی سەردانەکەیدا لە نزیکەوە پشکنینی وێستگەکە دەکات کە لەڕووی سەلامەتی و ئاسایشی ئەتۆمییەوە لە دۆخێکی ناجێگیردایە، گرۆسسی رایگەیاندووە کە جارێکی دیکە داوای کردووە کە پارێزگاری لە وێستگەکە بکرێت.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رافایێل ماریانۆ گرۆسسی کە دواجار لە مانگی ئەیلوولی 2022 سەردانی وێستگەکەی کرد و دڵنیایی لە دامەزراندنی ئەرکی هەمیشەیی ئاژانسەکە دا، رایگەیاندووە: "بۆ ئەوەی بە چاوی خۆم ببینم کە لە مانگی ئەیلوولەوە بارودۆخەکە سەبارەت بە سەلامەتی وێستگەکە چۆن باشتر بووە، بڕیارم داوە سەردانی بکەم".

گرۆسسی جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنەکان بۆ رێگریکردن لە ئەگەری رووداوی نەخوازراو لە وێستگەکە بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە.

بە ئاماژەدان بەوەی کە پشکنەرانی ئاژانسەکە ماوەی حەوت مانگ بوو لە وێستگەکەدا بوون، گرۆسسی گوتی: "مەترسی لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی ئەتۆم روونە. پێویستە لە ئێستاوە هەنگاو بنرێت بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێک کە کاریگەریی لەسەر ئۆکرانیا و خەڵکی دەوروبەری دەبێت. بۆیە بەردەوام دەبم لە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازەی کە پێشکەش بە لایەنەکان کراوە بۆ پاراستنی وێستگەکە".

هەروەها باس لەوە کرا کە تیمێکی نوێ یاوەری گرۆسسی دەکەن لەم گەشتەدا.

گرۆسسی لە مانگی ئەیلوولی 2022دا، پێشنیارێکی بۆ لایەنەکان کرد بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی سەلامەتی دوور لە ململانێ لە زاپۆریژییا و دەوروبەری، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک بەم ئاراستەیەدا نەهاتە ئاراوە.