کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاندیدبوونی ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵوی پەسەند کرد

K24 - هەولێر

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، بەگوێرەی رێکارەکانی هەڵبژاردن و پێشکەشکردنی کاندید بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن پارتە سیاسییەکان، پرۆسەکە رۆژی 23ـی ئادار کۆتایی هاتووە و لەو سۆنگەیەشەوە مەرجەکانی کاندیدبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی ئاکپارتی و مەهەپە و  کەمال کلچدارئۆغڵو، کاندیدی جەهەپە و ئیی پارتی بەدواداچوونی بۆ کراوە و دواجار پەسەندکراوە.

بەگوێرەی یاساکانی تورکیا، ئەگەر پارتێکی سیاسی خاوەن کورسی بێت لە پەرلەمان، دەتوانێت کەسێک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار دەستنیشان بکات، یانیش کەسێک دەتوانێت خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات، بە مەرجی کۆکردنەوەی 100 هەزار واژۆ لەو بەروارەی کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاری دەکرێت.

بەشێوەیەکی فەرمی تا ئێستا سێ کەس کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رۆژی شەممە موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت توانی 100 هەزار واژۆ کۆبکاتەوە و ببێت بە کاندیدی سێیەم.