هۆشداری له‌باره‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی مادده‌ هۆشبه‌رەکان ده‌درێت

K24 - رانیە

تادێ مەترسیەکانی تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر لەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی زیاتر دەبێت، تەنھا لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 300 کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر لە سنووری راپەڕین دەستی بەسەرداگیراوە و دەیان کەسیش بە تۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانی پێوەکردنی دەستگیرکراون. بەپێی ئامارەکان نیوەی راگیراوانی ناو زیندانەکانیش، توشبوو یان تێوەگلاوی بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرن.

سەرەڕای توندو تۆڵکردنی لایەنی ئەمنیی و یاسایی لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەم 10 ساڵەی دواییدا، بازرگانی و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان بەردەوام روو لە زیابوونە، ئەگەرچی نەبووەتە دیاردە، بەڵام ئەوانەی بە تۆمەتی بازرگانی یان بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکانەوە دەستگیر دەکرێن ژمارەیان زیادیکردووە.

بەگوێرەی ئامارەکان، تەنھا لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 300 کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەستی بەسەردا گیراوە، ئەو بڕە دە جار زیاترە لەوەی ساڵانی رابردوو کەوتووەتە دەست ھێزە ئەمنییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا 288 کەس لەسەر بەکارھێنان و بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون.

ئیبراھیم محەممەد، نوێنەری ئاسایشی راپەڕین لە پرسی ماددەی هۆشبەر بە کوردستان24ی گوت: "ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئێران لەوێشەوە بۆ عێراق و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، بەهۆی جوگرافیا و سنوورەکانەوە ماددەی هۆشبەر لە عێراق بە گشتی زیادیکردووە".

بەکارھێنان و ئاڵودەبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا تەشەنە بکات، زەنگێکی مەترسیدار و کێشەیەکی گەورەیە و داھاتووی گەنجانی ئەم کۆمەڵگەیە دەخاتە ژێر مەترسیەکی گەورەوە.

بڵاوبوونەوە و ئاڵودەبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان جگە لە لێکەوتەی خراپی جەستەیی و عەقڵی، دەیان لێکەوتەی ترسناکی کۆمەڵایەتی لێدەکەوتەوە.

د.ھەژار قادر، پسپۆری دەرونناسی دەڵێت: "ئەوانەی دەبنە ئاڵودەبوو بە ماددەی هۆشبەر تەرکیز و پرۆسە عەقڵییەکانیان بەگشتی وەکخۆی نامێنێت، ئەمانە بەردەوام توندوتیژ دەبن زیان بە خۆیان و دەوروبەر دەگەیەنن".

عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەسەر رێڕەوی بازرگانی وڵاتانی بەرھەمھێنن و بازرگانین بە ماددەی ھۆشبەر، بۆیە هۆشداری له‌ ته‌شه‌نەكردنی زیاتری مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان عێراق و له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت.