بایدن: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی ئەمەریکا

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، سەبارەت بەو هێرشانەی لە سووریا و عێراق دەکرێنە سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی کرد.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بەو هێرشانەی لە سووریا و عێراق دەکرێنە سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا و وەڵامی ئەمریکا سەبارەت بەو هێرشانە، پەیامێکی ئاراستەی کامالا هاریس، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران  و کێڤن مککارتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد.

جۆ بایدن لە پەیامەکەیدا بۆ هاریس و مککارتی رایگەیاندووە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندان و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و کارمەندانی گرێبەستی ئەمریکا "بەشێوەیەکی کارەساتبار" کوژراون و شەش کەس برینداربوون کە پێنجیان سەربازن.

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە ژیانی کارمەندانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەردەوام لە مەترسیدایە بەهۆی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و رایگەیاندووە: "بە رێنمایی من لە 23ی ئاداری 2023دا، هێزەکانی ئەمەریکا لە وەڵامی ئەم زنجیرە هێرشەدا هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکان لە رۆژهەڵاتی سووریا. رووبەڕووی ئەو دامەزراوانە بوونەوە کە گرووپەکانی سەربە سوپای پاسداران بۆ هەڵگرتنی تەقەمەنییەکان و مەبەستی دیکە بەکاریان دەهێنن. رێنمایم دا کە لە 23ی ئادار وەڵامی ئەو هێرشانە بدرێتەوە بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە سەلامەتی کارمەندانمان و پەکخستنی زنجیرەیەک هێرشی بەردەوام کە دژبە ئەمەریکا و هاوبەشەکانمان ئەنجام دەدرا".

جۆ بایدن بە ئاماژەدان بەوەی کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەستووریدا وەک فەرماندەی گشتی و سەرۆکی جێبەجێکار سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هێرشەی ئەمریکا ئەنجامی دەدات بەپێی ماددەی 51 لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی "مافی بەرگری لە خۆکردن"یە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەروەها سوپاسی کۆنگرێسی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە کارەکانی.