پوتن: چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی لە بێلاڕووس جێگیر دەکەین

 ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا
 ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا

K24 - هەولێر:

 ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا بە ئاماژەدان بەوەی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی لە بێلاڕووس جێگیر دەکەن، رایگەیاند: "ئەمە بە جۆرێک ئەنجام دەدەین کە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانمان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان پێشێل نەکات".

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "Rossiya-24" لەبارەی پێشهاتەکانەوە دوا. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە داخۆ رەوانەکردنی چەک لە وڵاتانی خۆرئاواوە بۆ ئۆکرانیا هەڕەشە بۆسەر رووسیا دروست دەکات، گوتی: "بێگومان هەڕەشەیە. رەوانەکردنی چەک بۆ ئەو وڵاتەی پێکدادانمان لەگەڵیدا هەیە، بە راستی هەڕەشەیە. ژمارەی ئەو چەکانە زۆرە کە بۆ ئۆکرانیا رەوانە دەکرێن".

ڤلادیمیر پوتن بە ئاماژەدان بەوەی کە پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی زۆر بەخێرایی پێشکەوتووە، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پلانیان بۆ ئەوە داناوە لە هەمان کاتدا سێ هێندە زیاتر گولـلەتۆپ لەو رێژەیە زیاتر بەرهەم بهێنن کە خۆرئاوا بۆ ئۆکرانیای رەوانە دەکات.

ڤلادیمیر پوتن ئاماژەی بەوە دا کە ناتۆ چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە وڵاتانی دیکە جێگیر کردووە و ئەوانیش ئەم جۆرە چەکە لە بێلاڕووس جێگیر دەکەن، گوتی: "چەندین ساڵە خۆرئاوا ئەم کارە دەکات لە وڵاتانی هاوپەیمان، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و لە ئەوروپا چەکی ئەتۆمی تاکتیکی خۆی جێگیر دەکات. ئەم جۆرە چەکانە لە ئەڵمانیا، تورکیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، ئیتاڵیا و یۆنان جێگیر کراون. لە یۆنان کۆگای ئەم جۆرە چەکە هەیە. لەگەڵ بێلاڕووس رێککەوتووین هەمان شت ئەنجام بدەین، بەڵام ئەمە بە جۆرێک ئەنجام دەدەین کە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانمان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان پێشێل نەکات".

ڤلادیمیر پوتن سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە لە دابینکردنی فڕۆکە هاوکاری بێلاڕووس دەکەن و 10 لەو فڕۆکانەیش بۆ چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بەکار دەهێندرێن.