هەڤاڵ ئەبوبەکر: کوردستان مەکەن بە ئۆکرانیا

هەڤاڵ ئەبوبەکر
هەڤاڵ ئەبوبەکر

K24 - هەولێر:

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە پۆستێکی فەیسبووکدا لە هەژماری فەرمی خۆی، داوا لە هاونیشتیمانیان دەکات، قەوارەی هەرێمی کوردستان رەتنەکەنەوە و زایەی نەکەن.

پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بەو قسانەی لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکاندا لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان گوتراوە، نووسیویەتی: کۆتایی بە سیاسەتی خۆکوشتن و زیانلەخاوەندان بێنن، خۆتان بە خاوەنی ئەم خەڵک و خاک و نیشتمان و قەوارەیە بزانن و کوردستان مەکەن بە ئۆکرانیا.

هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی: یەکبن، کورد سەردەمی هاتی هاتووە، بەرات و بەهاتی نەجاتی  نوسراوە، هەر دارێکتان، مەبنەوە بە کلکی تەور و دارێکی دیکە مەبڕن.

پارێزگاری سلێمانی روونیکردەوە، کە ناڕەزایەتی هاووڵاتیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان رەوایە، بەڵام بەهیچ جۆرێک ناکاتە ئەوەی خودی ئەم هەرێمی کوردستانە رەتبکەنەوە و زایەی بکەن.

بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەڵەتی لێکەوتەوە و مەسرور بارزانیش، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن.