هاووڵاتییانی یەمەن بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن پێداویستییەکانی مانگی رەمەزان بکڕن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان و بەهۆی قەیرانی داراییەوە، نرخی پێداویستییەکانی رۆژانەی هاووڵاتییانی یەمەن بەرزبووەتەوە و هاووڵاتییان ناتوانن پێداویستییەکانی تایبەت بە مانگی رەمەزان بکڕن.

عومەر، دانیشتووی شاری تەعزە، بۆ کڕینی کاڵا و پێداویستییەکانی تایبەت بە مانگی رەمەزان چووەتە بازاڕ، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخەکەیانەوە، پێداویستییەکانی پێ ناکڕدرێن و دەڵێت: هاتم پێداویستییەکانی رەمەزان بکڕم، بینیم نرخەکان زۆر بەرزن. گوتیان نرخەکان دادەبەزن، بەڵام دەبینم هەر وەکو خۆیان گرانن و نەمتوانی هیچ شتێک بکڕم.

بەم دوواییە شانشینی عەرەبستانی سعوودییە رایگەیاندبوو، بڕی ملیارێک دۆلاری ئەمەریکی خستووەتە نێو بانکی ناوەندیی یەمەنەوە، کە سەر بە حکومەتی ئەو وڵاتەوەیە. دانانی ئەو بڕە پارەیە ئەنجامی چەندین کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی حکومەتی یەمەن و سندووقی نێودەوڵەتی دراوبوون.

هاووڵاتییەکی یەمەن دەڵێت، دانانی ئەو بڕە پارەیە لە بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی، بەشێکی کەمی کێشەکە چارەسەر دەکات و پێی وایە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە هەستیان بە گۆڕانی ڕەوشی بازاڕ نەکردووە، "تا چاکسازی ئابووری جێبەجێ نەکرێت و حکومەت سیاسەتێکی نوێی ئابووری نەگرێتەبەر، کە ئامانج لێی باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان بێت".

بەهۆی جەنگەوە هەناردەکردنی نەوتی یەمەن، کە دوو لەسەر سێی داهاتی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت راوەسـتاوە. ئەمەش وایکردووە مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا دابەش نەکرێت و نرخی پێداویستییە رۆژانەکانی خەڵک گران ببێت.