زانا مەلا خالید: هیچ وڵاتێک بۆی نییە هەرێمی کوردستان بە کارتۆنی وەسف بکات

"ئەوەی روویداوە بۆچوونی فەرمی ئەمەریکا نییە"
زانا مەلا خالید، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
زانا مەلا خالید، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر:

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی فۆرن پۆڵەسی لەلایەن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دیاری هیچ وڵاتێک نییە و هیچ وڵاتێکیش بۆی نییە بە کارتۆنی وەسفی بکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەوالەکانی کوردستان24 باسی لەوەکرد، ئەوەی روویداوە بۆچوونی فەرمی ئەمەریکا نییە و ئەوەی کونسوڵی ئەمەریکا کردوویەتی زیاتر هەوڵێکی پۆپۆلیستانەیە.

زانا مەلا خالید راشیگەیاند، ئەو بابەتەی کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە، بە دڵنیاییەوە لێکدانەوەی جیاجیای بۆ دەکرێت، گوتیشی: پێشمان وایە هەرێمی کوردستان و ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە.

هەر سەبارەت بەو بابەتە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان روونیکردەوە، کە کونسوڵێكی فەرمی وڵاتێکی وەک ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ناکرێت بەمشێوازە قسە لەسەر هەرێمی کوردستان بکات، چونکە ئەم هەرێمە بەرهەمی خوێنی هەزارەها شەهیدە و وەک قەوارەیکی دەستووری لە ناوچەکەدا بوونی هەیە.

زانا مەلا خالید لەبارەی بوونی تێبینی لەلایەن نوێنەری وڵاتانەوە لەسەر هەرێمی کوردستان، گوتی: ئەگەر نوێنەری هەر وڵاتێک لە هەرێمی کوردستان، تێبینییەکی هەبێت، دەتوانێت خۆی تێبینییەکانی بگەیەنەێت، نەک لە سۆشیاڵ میدیا بابەتێک بڵاوبکاتەوە کە هەستی سەرجەم کوردستانیان بریندار بکات.