رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا
K24 – هەولێر
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد.
دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ 26/3/2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە فەرمانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد".
لە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتووە: "18/11/2023 وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا".
لە خاڵی دووەمی فەرمانی سەرۆکی هەرێم ئاماژە بەوەکراوە: "گشت لایەنە سیاسییەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە".
لە خاڵی سێیەمی ئەو فەرمانەدا ئەوەخراوەتەڕوو: "ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت".
دڵشاد شەهاب، راشیگەیاند: "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان داوا لە پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکات، پەلە بکرێت لە هەنگاوی متمانە بەخشین و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی لە ماوەی یاسایی خۆیدا دەست بە کارەکانی خۆی بکات، هەروەها بۆ چارەسەری یاسایی ئەو ناکۆکیانەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان هەن، کە ئێستا پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکان بەو ئاراستەیە دەڕۆن کە هەمواری یاسا بکەن، بۆیە پێویستە ئەمەش لە ئەولەویەتی سەرجەم فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت".
گوتیشی: "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان دەکات، بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و مافی یاسایی و دەستووری خەڵکی کوردستان بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی تر و گیروگرفتەکانی لەبەردەم هەمواری یاسا و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن هەن بەلاوە بنرێن".