دووەم کۆنگرەی ناوەندیی رەوەندی کوردی لە سوید سازکرا

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

ناوەندی رەوەندی کوردی لە سوید، دووەمین کۆنگرەی خۆی لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت بەڕێوەبرد . لەو کۆنگرەیەدا دەستەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی ناوەندەکە ھەڵبژێردرا .

لەماوەی دامەزراندنیەوە تا وەکو ئێستا ناوەندی رەوەندی کوردی لە سوید، توانیویەتی جێگای خۆی لە ناو کۆمەڵگای سویدیدا بکاتەوە، وەکو خۆیان دەڵێن پشتیوانی پارتە سویدیەکانیشیان بۆ کورد دابین کردووە.

د.شێروان کۆیی، ئەندامی ناوەندیی رەوەندی کوردی لە سوید دەڵێت: ناوەندەکە گشتگیرە و بەند نییە بە لایەن، گرووپ و حزبێکەوە، ئەوەش وایکردووە، واملێبکات کاری لەگەڵ بکەم.

عەلی جومعە، یەکێک لە بەشداربووانی کۆنگرەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هەوڵدان لۆبیایەکی نێودەوڵەتی بۆ کورد دروست بکەن و دەنگی کورد بگەیێنە هەموو وڵاتان.

لە ساڵی 2021 لە ھەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، یەکەمین کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی سازکرا، کە هەموو ناوەندەکانی رەوەندی کوردی لە ولاتانی جیهان کۆدەکاتەوە.

ناوەندی رەوەندی کوردی لە سـاڵی 2019 لە ئەڵمانیا دامەزراوە. لە ساڵی 2020 لە سوید و لە 2021 لە وڵاتانی سکاندیناڤیاش دامەزرێنراوە .

درووست کردنی لۆبی و کاری دیپلۆماسی ئامانجی سەرەکی ناوەندی رەوەندی کوردییە و لە باروودۆخی ئەمرۆشدا ئەندامانی رەوەند ھەوڵدەدەن کە زیاتر لاوانی کورد لەدەوری رەوەند کۆبکەنەوە تا بتوانن ببنە پردی پەیوەندی سیاسی و کولتووری کورد و سوید.