پێشبینی ده‌كرێت داهاتی ساڵانەی رێگەی وشکانی لە بەندەری فاوەوە بۆ تورکیا بگاته‌ 100 ملیار دۆلار

دیمه‌نێكی ده‌روازه‌ی سنووری سه‌رزێرێ
دیمه‌نێكی ده‌روازه‌ی سنووری سه‌رزێرێ

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی ئابووری پێشبینی دەکات کە داهاتی رێگای وشکانی بەندەری فاو بۆ تورکیا ساڵانە بگاتە نزیکەی 100 ملیار دۆلار.

عەبدولحەسەن ئەلزەیادی پسپۆڕی ئابووری رایگەیاندووە، دروستکردنی رێگەی وشکانی لە بەندەری فاوی گەورەوە بۆ تورکیا، دەبوایە دەیان ساڵ بەر لە ئێستا دروستکرابا، چونکە پڕۆژەکە رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە رێگەی عێراقەوە بەیەکتری دەبەستێتەوە.

زەیادی دەڵێت: سوودەکانی ئەو پڕۆژەیە زۆرن و لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە تورکیا و لەوێشەوە بۆ  ئەوروپا، بەم پێیە عێراق دەبێتە رێگە یاخوود سەنتەرێک بۆ گواستنەوەی وزە و کاڵا بۆ جیهان.

زەیادی ئاماژەی بەوەشکرد، کە داهاتی ئەو کەناڵە وشکانییە هاوتا یان زیاتر دەبێت لە داهاتی نەوت و لە ئەگەری تەواوبوونی بەندەری فاو و بەستنەوەی بەم کەناڵە وشکانییەوە، داهاتی ساڵانەی کەناڵەکە دەگاتە سەرووی 100 ملیار دۆلار ئەمە جگە لەوەی بەهۆی ئەوەی ئەو رێگایە ماوەی گەشتکردن بۆ گەشتیاران کورت دەکاتەوە کەرتی گەشتیاری لە عێراقدا زیاتر دەبوژێتەوە .