هه‌فته‌ی داهاتوو گرۆسی سه‌ردانی بنكه‌ی ناووكی زاپۆریژیا ده‌كات

رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی
رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی

K24 – هه‌ولێر:

رافایێل ماریانۆ گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رایده‌گه‌یه‌نێت، هەفتەی داهاتوو سەردانی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا لە ئۆکراینا دەکات.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە راگەیەندراوێکدا زانیاری لەبارەی سەردانەکەی گرۆسی و نیگەرانییەکان لەبارەی سەلامەتیی وێستگەکە خستووەتەڕوو.

بە ئاماژەدان بەوەی کە هەفتەی داهاتوو لە میانی سەردانەکەیدا لە نزیکەوە پشکنینی وێستگەکە دەکات کە لەڕووی سەلامەتی و ئاسایشی ئەتۆمییەوە لە دۆخێکی ناجێگیردایە، گرۆسسی رایگەیاندووە، جارێکی دیکە داوایکردووە کە پارێزگاری لە وێستگەکە بکرێت.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رافایێل ماریانۆ گرۆسی کە دواجار لە مانگی ئەیلوولی 2022 سەردانی وێستگەکەی کرد و دڵنیایی لە دامەزراندنی ئەرکی هەمیشەیی ئاژانسەکە دا، رایگەیاند: "بۆ ئەوەی بە چاوی خۆم ببینم کە لە مانگی ئەیلوولەوە بارودۆخەکە سەبارەت بە سەلامەتی وێستگەکە چۆن باشتر بووە، بڕیارم داوە سەردانی بکەم".

گرۆسی جەختی لەوە کردەوە، بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنەکان، بۆ رێگریکردن لە ئەگەری رووداوی نەخوازراو لە وێستگەکە بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە.

بە ئاماژەدان بەوەی کە پشکنەرانی ئاژانسەکە ماوەی حەوت مانگ بوو لە وێستگەکەدا بوون، گرۆسی گوتی: "مەترسی لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی ئەتۆم روونە. پێویستە لە ئێستاوە هەنگاو بنرێت بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێک کە کاریگەریی لەسەر ئۆکرانیا و خەڵکی دەوروبەری دەبێت. بۆیە بەردەوام دەبم لە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازەی کە پێشکەش بە لایەنەکان کراوە بۆ پاراستنی وێستگەکە".

هەروەها باس لەوەشکرا کە تیمێکی نوێ یاوەری گرۆسی دەکەن لەم گەشتەدا.

گرۆسی لە مانگی ئەیلوولی 2022دا، پێشنیارێکی بۆ لایەنەکان کرد بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی سەلامەتی دوور لە ململانێ لە زاپۆریژییا و دەوروبەری، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک بەم ئاراستەیەدا نەهاتە ئاراوە.