پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسند کرد
K24 – هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان دا. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: بەربەستەکانی بەردەم کەرکووک بۆ هەڵبژاردن لابران.
شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق کۆبووە و بەهۆی ناکۆکی و گرژی لەنێوان فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەکە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، بە زۆرینەی دەنگ یاسای هەڵبژاردنەکانی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان پەسندکرا.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان تەواو بوو، بەشێوەیەک تەواوی ئەو بەربەستانەی بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەمجار لە دوای 2003 سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ دەستنیشان کردنی هاووڵاتیانی شارەکە و هەروەها سەرگەڕان کە دوای ساڵی 1957 لکێنراوە بە کەرکووکەوە دیسان دەبنە بەشێک لە خەڵکی شارەکە و مافی دەنگدانیان دەبێت و بەناو زیادکران بۆ پرۆژەکە".
ئاماژەی بەوەشداوە: "ئەوانەی ماددەی 140یان کردووە یان تەنها مامەڵەیان پێشکەش کردووەو مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها ئەوەی پێش 2003 لە کەرکووک بووەو ناسنامەی باری شارستانی شارەکانی دەرەوەی کەرکووک بووەو لە ساڵی 1957 لە کەرکووک تەرحیل نەبووە، بەڵام فۆڕمی کەرکووکی هەیە دیسان مافی دەنگدانی هەیە".
شاخەوان عەبدوڵڵا، دەڵێت: "هەموو ئەو هاووڵاتیانەی هێنراونەتە کەرکووک و بە ئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان سڕاوەتەوەو لادەبرێن و مافی دەنگدانیان نییە".
دەشڵێت: "سوپاسی سەرجەم ئەو فراکسیونانە دەکەم لە کورد و دەرەوەی کورد کە هاوکار بوون لە دەنگدان بۆ ئەم پڕۆژە یاسایەم بەپێی یاسا ئەو دەسەڵاتەمان لە سەرۆک وەزیران وەرگرتەوە، کە بتوانێت هەڵبژاردن لە پارێزگایەک دوابخات کە خەلکانێک ئامانجیان بوو".