جۆن کێربی: بایدن سوورە لەسەر هێشتنەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە سووریا

جۆن کێربی، گوتەبێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا
جۆن کێربی، گوتەبێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر:

جۆن کێربی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد کە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا "خێرا و بوێرانە" وەڵامی هێرشەکانی سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە سووریا داوەتەوە و راشیگەیاند، بایدن سوورە لەسەر هێشتنەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە سووریا.

جۆن کێربی ئەوەشی خستەڕوو، کە کەمتر لە هەزار سەربازیان لە سووریادا هەیە و ئەگەر ژمارەی ئەوانە بە رێژەیەکی گەورە کەمببێتەوە بەڵام هێشتا بەشێوەیەکی کاریگەر و هەستیار بە دوای ئەو تۆڕە چەکدارانی داعشدایە و ئاماژەی بەوەدا، لەبەر ئەم هۆکارە سەربازانی ئەمەریکا لە سەر ئەرکی خۆیان لە سووریا دەمێننەوە و بایدن "زۆر سوورە" لەسەر هێشتنەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە سووریا.

کێربی، لە میانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی " Face the Nation "ی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی سی بی ئێس رایگەیاند، ئەمە هێرشێکی جیددی گرووپە میلیشیاییەکان بوو، کە بایدن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمە بەشێوەیەکی خێرا و بوێرانە وەڵامی دایەوە.

بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی باسی لەوەش کرد کە ئەگەر بایدن بە پێویستی بزانێت ئەوە وەڵامی زیاتری ئەو هێرشانە دەدەنەوە کە گرووپە پاڵپشتی کراوەکان لەلایەن ئێرانەوە لە 23ی ئادار کردیانە سەر کارمەند و دامەزراوەکانی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق.

جۆن کێربی، گوتی: "ئەم هەفتەیە لێرەوە ئەوەمان نیشاندا کە هەمووکات بە پێداگرییەوە بەرگری لە گەلی ئەمریکا دەکەین" و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پەیامە "بە دەنگێکی بەرز و بەشێوەیەکی روون" بۆ بەرامبەرەکەیان ناردووە.

لە 25ی ئادار لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە لە پارێزگای دێرەزۆر-ی سووریاوە بە مووشەک هێرش کراوەتەسەر کێڵگەی نەوتی عومەر و کێڵگەی گازی کونیکۆ کە هێزەکانی ئەمەریکای تێیدا نیشتەجێکراوە.