شاخەوان عەبدوڵڵا: بۆ یەکەمجار لە دوای 2003 سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ دەستنیشان کردنی هاووڵاتیانی کەرکووک

K24 – هەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: بۆ یەکەمجار لە دوای 2003 سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ دەستنیشان کردنی هاووڵاتیانی کەرکووک.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسند کرد، لە بەیاننامەکەدا شاخەوان عەبدوڵڵا روونیکردەوە: "بەشێوەیەک تەواوی ئەو بەربەستانەی بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەم جار لە دوای 2003 سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ دەستنیشان کردنی هاووڵاتیانی شارەکە و هەروەها سەرگەڕان کە دوای 1957 لکێنراوە بە کەرکووکەوە دیسان دەبنە بەشێک لە خەڵکی شارەکە و مافی دەنگدانیان دەبێت و بەناو زیاد کران بۆ پڕۆژەکە".

راشیگەیاند: "جگە لەوە ئەوەی مادەی 140 کردوە یان  تەنها مامەڵەی پێشکەش کردوەو مافی دەنگ دانی هەیە هەروەها ئەوەی پێش 2003 لە کەرکووک بووەو نفوسی شارەکانی دەرەوەی کەرکووک بووەو 57ی کەرکووکە و تەرحیل نەبووە، بەڵام فۆڕمی کەرکوکی هەیە دیسان مافی دەنگدانی هەیە، هەروەها هەموو ئەو هاووڵاتیانەی هێنراونەتە کەرکووک و بە ئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان سڕاوەتەوە ولادەبرین و مافی دەنگ دانیان نییە، لێرەوە سوپاسی سەرجەم ئەو فراکسیونانە دەکەم لە کوردو دەرەوەی کورد کە هاوکار بوون لە دەنگدان بۆ ئەم پرۆژە یاسایە".

شاخەوان عەبدوڵڵا، دەشڵێت: "بۆ یەکەمجارە لەبابەتی دابەشکردنی پۆستەکان %32 هەڵگیرا. ماوەتەوە بڵێم بەپێی یاسا ئەو دەسەڵاتەمان لە سەرۆک وەزیران وەرگرتەوە کە بتوانیت هەڵبژاردن لە پارێزگایەک دوا بخات کە خەڵکانێک ئامانجیان بوو".