ئیسرائیل و ئیمارات رێککەوتنێکی گومرگییان واژوو كرد
K24 - هەولێر:
محەمەد خاجه، باڵیۆزی ئیمارات لە تەلئەبیب لە په‌یامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئاشكرایكرد لە قودس لەگەڵ ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رێککەوتنی هاوکاری گومرگییان واژوو کردووە. هەروەها بینیامین نه‌تانیاهو، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، لە رێوڕه‌سمی واژووکردنی رێككه‌وتننامه‌كه‌دا ئامادەبووه.
محەمەد خاجه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه له‌گه‌ڵ واژووكردنی رێككه‌وتنه‌كه، رێککەوتنی بازرگانی ئازاد کە لە نێوان هەردوو وڵات واژووکراوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن له‌رێگه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌وه ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل دوو هێندە زیاد بکات، ئاستی ژیان باشتر بێت و نرخەکان دابه‌زین به‌خۆوه ببینن.
رۆژنامەی The Times of Israel کـە ناوه‌نده‌كه‌ی لە ئیسرائیلە، لە هەواڵێكدا له‌وباره‌یه‌وه نووسیویەتی، ئەو کارانەی بۆ واژووکردنی رێککەوتنی گومرگی ئەنجامدراون، کە دوایین و گرنگترین پێکهاتەی رێککەوتنی بازرگانی ئازادی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتە، چه‌ندین مانگی خایاندووه و پێویست بووه لایەنەکان بە وردی له هه‌موو به‌رهه‌مه‌كان بكۆڵنه‌وه و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌ن كه چ كاڵایه‌ك ده‌گرێته‌وه.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئامانج له رێککەوتنەکە کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی باجی گومرگییه لەسەر نزیکەی لەسەدا 96ی کاڵا بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
لای خۆیه‌وه بینیامین نه‌تانیاهو ئاماژەی بەوه‌كردووە، ئەو رێككه‌وتنه "دەبێتە هۆی داشكان له گومرگ و کەمکردنەوەی تێچووی ژیان".
به‌پێی هه‌واڵه‌كه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رێککەوتنەکە لە 1ی نیسانەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئیسرائیل و ئیمارات لە مانگی ئایاری 2022دا رێککەوتنی بازرگانیی ئازادیان لە دوبەی واژووکردبوو