نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کەرکووک کێشەی لەسەرە

K24 - هەولێر

نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کورد و بەشێک لە تورکمان لە سنووری کەرکووک کێشەی لەسەرە، بڕیاردراوە بەشێک لەو زەوییانە بکرێن بە شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ پلەدارانی سوپای عێراق و بەشێکی دیکەشیان سەربازگەی سوپای عێراقی لێ دروستدەکرێت، لە ئێستادا کەمتر لە مانگێک مۆڵەتدراوە بە دانیشتوانی گوندی تۆپزاوە تاوەکو شوێنەکانیان چۆڵ بکەن. 

کەمتر لە مانگێک مۆڵەت دراو بە دانیشتوانی گوندی تۆپزاوە، تاوەکو زەوییەکانیان بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق چۆڵ بکەن. ئەحمەد کوێخا، هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندەکەیە و زەوییەکانی بە گەنم و گەنمەشامی داچاندووە، ئێستا دەبێت رووبەری 12 دۆنم لە زەوییەکانی رادەستی وەزارەتی بەرگری عێراق بکات، تاوەکو بکرێت بە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بۆ سەربازانی سوپا ئەو دەڵێت: "لەلایەک عەرەبی هاوردێتە دێن بۆ گیانمان لەلایەکی تر حکومەت زەوییەکانمان داگیر دەکات، ئەمە زووڵمە لێمان دەکرێت، ئێمە تاپۆی رەشمان هەیە".

هەرچەندە تاپۆی رەشی سەردەمی عوسمانیان هەیە و هەموو بەڵگەنامەیەکی خاوەندارێتی زەوییەکانیان لاماوەتەوە، بەڵام لەساڵی 1986 تەرحیل کراون و زەوییەکانیان خراوەتە سەر وەزارەتی بەرگری.

بەشێک لەو زەوییانەی کێشەی لەسەرە، ئەو زەوییانەن کە لە دوای ساڵی 2017 لەلایەن فەرمانگەی کشتوکاڵەوە گرێبەستەکانیان بۆ نوێکراوەتەوە، سەرجەم ئەو زەوییانەشی کە لەنێوان کورد و عەرەب و تورکماندا کێشەی لەسەر بە 300 هەزار دۆنم زەوی دەخەملێندرێت.

زوهێر عەلی، بەڕێوبەری کشتوکاڵی کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو زەوییانەی کێشەی لەسەرە 300 هەزار دۆنم دەبێت، 200 هەزار دۆنمیان زەوی ئیتفان و 100 هەزار دۆنمی دیکەیان ئەوانەن کە خاوەندارێتیان لێ وەرگیراو".

لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق ئاگاداری ئەم پلانەی وەزارەتی بەرگری عێراقە و داتای هەموو ئەو زەوییانەشیان لەبەردەستدایە کە سوپای عێراق دەیەوێت لەو ناوچەیەکی کشتوکاڵییەوە بیکات بە شوێنێکی سەربازی.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "وەزارەتی بەرگری بەبێ ئاگاداری جووتیارەکان و بەپێی سیاسەتی سەردەمی بەعس خۆی کردووەتە خاوەنی زەوییەکان و لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە بۆ وەزارەتی بەرگری گۆڕدراوە".

ئەو رووبەرەی کە دەکرێن بە شوێنی نیشتەجێبوون 12 هەزار دۆنم زەوییە و لە سنووری داقوقیش 8 هەزار دۆنم زەوی تر هەیە .

لە سنووری سەرگەران 40 گوند و لە داقوقیش 22 هەزار دۆنم زەوی مەترسی تەعریبی لەسەرە، لە سنووری تۆپزاوە و ترکەلان و یایجی، نزیکەی 40 هەزار دۆنم زەوی لەژێر هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتندایە و لە سنووری گوندی کولی تەپەش زیاتر لە چوار هەزار دۆنم زەوی بۆ دروستکردنی سەربازگە تەرخانکراوە، کە سەرجەم ئەم زەوییانە لەنێو ماددەی 140 دان.