ئافرەتێک دوای 20 رۆژ بێسەروشوێن بوون تەرمەکەی بە خنکێندراوی دۆزرایەوە

K24 – هەولێر

ئافرەتێک لە سنووری شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای 20 رۆژ بێسەروشوێن بوونی تەرمەکە دۆزرایەوە.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ناوچەکە، ئافرەتەکە ناوی سەرشین پیرە، خەڵكی گوندی بێساران-ی سەر بە شاری (مەریوان)ی رۆژهەڵاتی كوردستانە، پیشەی زێڕنگر بوو و خاوەنی دوو منداڵی تەمەن 14 و 10 ساڵان بوو، 20 رۆژ پێش ئێستا بێسەروشوێن بوو، دوای چەند رۆژێك گەڕان بەدوایدا، لە قووڵایی 55 مەتری بەنداوی (گاڕان)ی نزیك شاری مەریوان، بە خنكێندراوی دۆزرایەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، لەسەر سکاڵای بنەماڵەی سەرشین و هاوسەرەكەیشی کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی لەلایەن فەرمانگەی تاوانەكانی مەریوانەوە دەستگیرکرا و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەدا ناوە.

لە دانپێدانانەكەیدا باسی لەوە كردووە، سەرەتا سەرشینی خنكاندووە، دواتر بە تەلبەندێك تەرمەكەی دەپێچێتەوە و بەردی پێوە گرێ دەدات، بۆ ئەوەی تەرمەكەی قورس بێت و بكەوێتە ناو قووڵایی بەنداوەكە، پاشان فڕێی داوەتە ناو بەنداوەكە. 

دوای دانپێدانانی تۆمەتبارەكەش، تیمەكانی لێكۆڵینەوە ماڵی تۆمەتبارەكەیان پشكنیوە و دەركەوتووە كە هەرچی زێڕ و زیوی سەرشین بووە، دزیویەتی و لە ماڵەكەیدا شاردوویەتییەوە.