دڵشاد حەساری: هەندێک بڕگەی یاسای هەڵبراژندنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بەرژەوەندی کوردانی کەرکووکدا نین

دڵشاد حەساری، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعی کوردستان
دڵشاد حەساری، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعی کوردستان دەڵێت، هەندێك بڕگەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی کەرکووکدا نین و "ئەگەر کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکەش بەدەستبهێنێت، ناتوانێت گۆڕانکاری ئەمنی و کارگێڕی لە شارەکە ئەنجام بدات".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی ئادار/مارسی 2023)، لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان درا و پەسەند کرا.

یەکێک لە ماددەکانی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران و پشت بە سەرژمێری ساڵی 1957 دەبەسترێت.

دڵشاد حەساری، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەندێك بڕگەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی کەرکووکدا نین، سەرەڕای ئەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە پشت بە سەرژمێری ساڵی 1957 دەبەسترێت.

بەگوتەی دڵشاد حەساری، ئەگەر هاووڵاتییانی کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاش بەدەستبهێنێت، ناتوانێت گۆڕانکاری ئەمنی و کارگێری لە شارەکەدا ئەنجام بدات و پێیوایە ئەم چەندە بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە و کێشەی گەورەی لەسەر دروست دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە، هاوکێشە سیاسییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام کوردانی شاری کەرکووک 'ئەزیەت دەدەن'.

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعی کوردستان گوتیشی: ئێمە وەکو هاووڵاتی کوردی شاری کەرکووک بەدەست یەکە کارگێڕییەکانەوە دەناڵێنین، کە بەدەست لایەنی دیکەوەیە. بەرپرسانی کوردی ئەم شارەش لەم بارودۆخە بەرپرسیارن، کە وایانکردووە کورد بە مافەکانی خۆی نەگات.

دڵشاد حەساری بە پێویستی دەزانێت کورد یەکگرتوو بێت و ئەجێندایەکی سیاسی ناوخۆیی تایبەت بە خۆی هەبێت، بۆ هەر کێشە و گرفتێک کە رووبەڕووی خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، "راستە کێشە و گرفت لەنێو خۆیی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، بەڵام ناکرێت ئەم کێشانە بۆ دەرەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بگوازرێنەوە."

 

هەر لەوبارەیەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگدان لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بوو، بەشێوەیەک تەواوی ئەو بەربەستانەی بەردەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2003 سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ دەست نیشان کردنی ھاووڵاتییانی شارەکە و ھەروەھا سەرگەڕان کە دوای 57 لکێنراوە بەکەرکووکەوە، دیسان دەبنە بەشیک لە خەڵکی شارەکە و مافی دەنگدانیان دەبێت و بەناو زیاد کران بۆ پڕۆژەکە، جگە لەوە ئەوەی ماددەی 140 کردووە یان تەنھا مامەڵەی پێشکەش کردووە و مافی دەنگ دانی ھەیە، ھەروەھا ئەوەی پێش ساڵی 2003 لە کەرکووک بووە نفوسی شارەکانی دەرەوەی کەرکووک بووە و 57ی کەرکووکە و تەرحیل نەبووە، بەڵام بتاقەی کەرکووکی ھەیە، دیسان مافی دەنگدانی ھەیە، سەرجەم ئەو ھاووڵاتییانەی ھێنراونەتە کەرکووک و بەئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان رەش کراوەتەوە لادەبرین و مافی دەنگ دانیان نییە، لێرەوە سوپاسی سەرجەم ئەو فراکسیونانە دەکەم لە کورد و دەرەوەی کورد کە ھاوکار بوون لە دەنگدان بۆ ئەم پرۆژەیاسایە".

گرنگترین ئەو ماددانەی کە لە ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کراون، ئەوەیە کە ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329 کورسین و ژمارەی کۆتای پێکھاتەکانیش گۆڕانکاریان تیایدا کراوە کە نۆ کورسییە و بەم شێوەیەن "کورسییەکانی پێکھاتەی مەسیحی دەبن بە پێنج کورسی و بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دھۆک و ھەولێر دابەش کراون، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئێزدی لە پارێزگای نەینەوا، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغدا، ھەروەھا یەک کورسی بۆ پێکھاتەی شەبەک لە پارێزگای نەینەوا و یەک کورسی بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست".

ئەمەیش دوای ئەوە دێت، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رایگەیاندبوو و داوایان کردبوو کە سیستەمی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە (فرەبازنەیی)یەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، بەتایبەتیش لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە لە دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگی پێویستییان بەدەست نەھێنا و تووشی شکستێکی گەورە بوون، لەبەرامبەردا سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە دەستی لە کاری سیاسیی کێشاوەتەوە، ھەروەھا ئەندامە سەربەخۆکان و تشرینییەکان دژبە گەڕانەوەی یاسای کۆنی ھەڵبژاردنەکانن.