هێمن هەورامی: باشترین چارەسەر بۆ دۆسیەی نەوتی هەرێم، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازە لە پەرلەمانی عێراق

دەستنیشانکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" ناودەبات  
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازە لە پەرلەمانی عێراق و ئاماژەی بەوەکرد، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە. دەستنیشانکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" ناودەبات.  

 رۆژی یەکشەممە (26ـی ئادار/مارسی 2023)، شاندێکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌ گفتوگۆكانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ كه‌مال محه‌ممه‌د، وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا پێكهاتبوو، سەردانی بەغدای کرد.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە  بە کوردستان24ـی گوت، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە.

هەورامی پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی "رووبەڕووی هەموو ئەو تەنگەژانە ببینەوە"، تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازە لە پەرلەمانی عێراق، کە "پێموایە بەشێکی سەرەکی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە و سوودانی لە دوایین سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دووپاتکردووەتەوە".

لێداوانی لایەنەکان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئێرڤین هیکس، کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر لینکی راپۆرتێکی شیکاری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لینکتئین 'شەیر کرد' کە هەرێمی کوردستانی بە 'هەرێمێکی کارتۆنی' وەسف کردبوو. هەورامی دەڵێت: وەکو هەرێمی کوردستان کەموکوڕیشمان هەبێت، بەڵام لە زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی جیهان پێشکەوتووترین، لەگەڵ ئەوەشدا پێویست دەکات بەخۆدا چوونەوەمان هەبێت، پابەندبوونی نێردە دەپلۆماسییەکان بە رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنامەی ڤیێناش گرنگە هەبێت.

ناوبراو دووپاتی دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی قەوارەیەکی دەستوورییە بەپێی دەستووری عێراق و لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و "ئەم جۆرە لێدوانانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستاندا نابێت."

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

رۆژی یەکشەممە 26ـی ئاداری 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ 26/3/2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە فەرمانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد"

هێمن هەورامی دەستنیشانکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" ناودەبات و پێیوایە "ئەمە نیوەی رێگاکەیە، نیوەکەی دیکە لە گۆڕەپانی لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستاندایە." داواشی لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد هاوکاری فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان بکەن لەبارەی پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە.

هەر لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانەوە، هێمن هەورامی بە پێویستی دەزانێت هەموو لایەنەکان بەشێک لە سازش بکەن و "پێموایە بەشێکی زۆری لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن سازشی باشیان کردووە."

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: ئەو لایەنە سیاسییانەی ئێستا لەنێو پڕۆسە سیاسییەکەدان، پێویستیان بەخۆدا چوونەوە و چۆنیەتی وەرگرتنەوەی مامەڵەکردنیان هەیە، بۆیە پێمان وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستییەکی سیاسی و یاساییە و هەردەبێت ئەمساڵ بکرێت. هەر جورە قسەکردنێک لەسەر ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، ئامانج لێی نەهێشتنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.   

لەبارەی دانیشتنی تایبەتی 29ـی ئەم مانگەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، ناوبراو روونیکردەوە، ئەنجامی ئەو دانیشتنە هەرچی بێت، کاریگەری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەبێت.