بانکی جیهانی پابەندی خۆی بۆ پاڵپشتی دارایی عێراق دووپات دەکاتەوە

K24 - هەولێر

بانکی جیهانی دووپاتیکردەوە کە بە تەواوی پاڵپشتی و هاوکاری سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی عێراق دەکات.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، لیژنەی دارایی ژمارەیەک لە ئەندامەکانی پێشوازیان لە شاندێکی بانکی جیهانی کردووە، لە کۆبووەوەیاندا تاوتوێی قەرزەکانی بانکی جیهانی لە نێو پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 و میکانیزمی سیستەمی دارایی کردووە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەی دارایی تاوتوێی رێوشوێنی گونجاوی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کردووە کە لەگەڵ بانکی جیهانی واژۆیان لەسەر کراوە، هەروەها جارێکی دیکە چاوخشاندنەوەیان بۆ خێرا جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە تەواوی عێراقدا کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەکارهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لەبری سیستەمی نەختینەیی کراوەتەوە.