ئاوات شێخ جەناب: چاوەڕێین هاوشێوەی بودجە کێشەی نەوتیش چارەسەر بکرێت

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردەوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی کراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی ئادار/مارسی 2023)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازیکردنی لە چۆ کیجۆنگ کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە هەولێر، باسی لە دواین گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە دیدارەکەدا، ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەکردووە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنە سیاسیەی کە پێشتر لەنێوان لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق کراوە، کە بووەتە هۆی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، کێشەی نەوتیش بەهەمان شێوە چارەسەر بکرێت.