رووسیا: دەتوانین هەر دوژمن و رکابەرێک بە ئەمەریکاشەوە لەناوبەرین

K24 – هەولێر:

نیکۆڵای پاترۆیڤ، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا جەختیکردەوە مۆسکۆ خاوەنی چەکی پێشکەوتوو و دەگمەنە و لە توانای دایە هەر دوژمن و رکابەرێک تەنانەت ئەمەریکاش لەناو ببات.

پاترۆیڤ لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: مۆسکۆ پشوودرێژ و ئارامگرە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەهۆی توانا سەربازییەکانییەوە لە هیچ کەس ناترسێت و خاوەنی چەکی پێشکەوتووە و دەتوانێت هەر دوژمن و رکابەرێک، تەنانەت ئەمەریکاش لەناوببات، ئەگەر ببێتە هەڕەشە.

ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە رووسیا ناتوانێت وەڵامی پێشوەختەی چەکی ئەتۆمی بداتەوە، کە ئەمە بیرکرنەوەیەکی گەمژانەیە.

نیکۆڵای پاترۆیڤ گوتیشی: لەبیرکردنی وانەکانی مێژوو پاڵی بە هەندێکەوە ناوە لە ئەوروپا باس لە تۆڵەسەندنەوە بکەن، کە وای دەبینن دەبێتە هۆی سەرکەوتن بەسەر رووسیا.