کونسوڵى گشتى ئەمەریکا لە هەولێر سەردانی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە دەکات

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر سەردانی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختى لە بەردەوامى و پتەوکردنى پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانى سیاسی، ئابوورى، ئەمنی و بازرگانى کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی ئادار/مارسی 2023)، سەفین دزەیی بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئیرڤین هیکس، کونسوڵى گشتى ئەمەریکا لە هەرێمى کورستان کرد.

لە دیدارەکەدا کە بەیان سامى عەبدولرەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمەریکا ئامادەبوو. بەرپرسی فەرمانگە باسی لە پەیوەندی دێرین و دۆستانەی نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمەریکا کرد و بایەخی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی لەبوارە جیاجیاکان کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هەردوولا گفتوگۆ و بیروڕایان لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و راپۆرتی ئەم دواییەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و بوارەکانی هەماهەنگیی و هاریکاری هاوبەش ئاڵوگۆڕ کرد.

لەلایەن خۆیەوە کونسوڵى گشتى ئەمەریکا خۆشحاڵى خۆى دەبڕى بەم دیدارە و ئاماژەیدا بە پەیوەندى دۆستانە و هاوپەیمانى نێوان حکومەتى هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و جەختى لە بەردەوامى و پتەوکردنى پەیوەندییەکان کردەوە لە بوارەکانى سیاسی و ئابوورى و ئەمنی و بازرگانى.

لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا کرد و دوایین پێشهاتەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق تاوتوێ کرا.