ڤێدانت پاتێل: هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی ستراتیژی ئێمه‌یه‌

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا

K24 – هەولێر:

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی ستراتیژی ئەمەریکایە.

ڤێدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگەیاند، عێراق و هەرێمی کوردستان هاوبەشی ستراتیژی ئەمەریکان و بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەوام داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە بودجە و یاسای نەوت و غاز چارەسەربکەن.

جەختیشیکردەوە، ئەمەریکا پەیوەندی و پابەندییەکی درێژخانەیەنی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، ئاگادارن لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق بگەنە ئەنجامێک.

ئاشکراشیکرد، ئەمریکا داوای لە عێراق و تورکیا کردووە دەستبکەنەوە بە هەناردەکردنی نەوت و پەکخستنی هەناردەکردنی نەوت سوود بە هیچ لایەنێک ناگەیێنێت.