تۆم کمیچ: دیموكراسییه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی رۆژئاوایه‌

"لە هەرێمی کوردستان بەها و پرەنسیپەکانی دیموکراسی پارێزراون"
تۆم کمیچ ئەندامی پەرلەمان و ئەندامی پارتی پارێزگارانی کەنەدا
تۆم کمیچ ئەندامی پەرلەمان و ئەندامی پارتی پارێزگارانی کەنەدا

K24 – هەولێر:

تۆم کمیچ ئەندامی پەرلەمان و ئەندامی پارتی پارێزگارانی کەنەدا، رایده‌گه‌یه‌نێت، دیموكراسییه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی رۆژئاوایه‌ و داواش لە پەرلەمانی کوردستان دەکات، گروپی دۆستایەتی کەنەدا لە هەولێر دروست بکه‌ن.

ئەو ئەندام پەرلەمانه‌ی کەنەدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، من لەو کەسانەم باوەڕی تەواوم بەوە هەیە، پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی کەنەدا و پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر بەهێزتر بکەین.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "پێموابێت ئەمە رێگەیەکی دروست و کاریگەرە بۆ بەهێزترکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و توندوتۆڵترکردنی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی کەنەدا و پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی کەنەدا و هەرێمی کوردستانیش".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، گروپێکی دۆستایەتی کوردمان لە ئۆتاوا هەیە و هەنگاوی داهاتوو بۆ پەرلەمانی کوردستانە، كه‌ گروپێکی دۆستایەتی کەنەدی لە هەولێر دروست بکەن، لەم رێگەیەوە دەتوانین هەماهەنگی زۆر باشمان لە هەموو بوارەکاندا هەبێت.

هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هەرێمی کوردستان بەها و پرەنسیپەکانی دیموکراسی پارێزراون و هەموو ئاڵوگۆڕێک لە کوردستان بە هەڵبژاردنە و ئەزموونێکی جوان سەرکەوتووی دیموکراسیەتی رۆژئاواییە.

کمیچ هەروەها دەڵێ، بوونی ئەو هەموو پارتە سیاسیە جیاوازە لەگەڵ چەندین پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جیاواز لە کوردستان، نموونەیەکی جوانی پراکتیزەکردنی دیموکراسییە.

گوتیشی: "ئەگەر بەراوردێک لەنێوان باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باکووری کوردستان بکەین، باشوور یاخوود هه‌رێمی كوردستان دیموکراسیەتی رۆژئاوایی هەیە و ئەزموونێکی باشی هەیە، بەها دیموکراسیەکانی تێدا پارێزراوە و هەموو شتێک بە هەڵبژاردنە و ئەوەی بینیمان بۆ پرس و را بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بزانن چییان دەوێت، ئایا دەیانەوێت لەناو عێراق بمێننەوە یاخوود سەربەخۆبن، ریفراندۆمیان کرد".

دوپاتیشیکردەوە، هەموو ئەو پرۆسانەی لە ساڵانی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بینیومانن، پێی دەڵێن پراکتیزەکردنی دیموکراسی و لە هەمووشی گرنگتر بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی، ئەوەی ده‌یبینین هەبوونی ئەو هەموو پارتە سیاسیە جیاوازەیه‌ و ئەمە پێماندەڵێت دیموکراسی لە باشووری کوردستان لە گەشەسەندێکی باشدایە".