بەیان سامی عەبدولرەحمان: هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا رووینەداوە

بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا
بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا جەختی لەسەر بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دۆستن و راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پێوەندییەکانی نێوانیان نابێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی ئادار/مارسی 2023)، بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا لەمیانی بەشداریکردن لە بەرنامی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشیکرد، رایگەیاند، راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا نابێت و جەختی لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابووری، ئەمنی، کلتووری و دیپلۆماسی کردەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا روونیکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ساڵانە لەو کاتەدا، راپۆرتێک لەبارەی هەموو وڵاتانی جیهانەوە دەنووسێت، لە چوارچێوەی عێراقیشدا، باسی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام ئەم راپۆرتە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە گرنگی پێنادرێت و وەڵامنادرێتەوە، تەنانەت لەناوخۆی ئەمەریکاش "مەوزوع نییە".

بەیان سامی ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە بنەماکانی مافی مرۆڤ دەدات و رێز لە ئازادی ئایینی و ئازادییەکانی دیکە دەگرێت، ئەو راپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی بەهەند وەرگرتووە و لە هەرێمی کوردستان قسەو باسی لەسەر دروستبووە.

هەروەها نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، تێبینییان هەیە لەسەر ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا نەبووە و بەردەوامیشە.

لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا، بەیان سامی گوتی، هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی خاوەن پێگە و رێزی تایبەتن و بەهیچ شێوەیەک تەنیا راپۆرتێک کاریگەری لەسەر ئەو پەیوەندییە لەمێژینە، قوڵ و فراوانە نابێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا هەمیشە ئەوان جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری و ئارامی هەرێمی کورستان کردووەتەوە و ئەوەیان دووپتاکردووەتەوە، سەقامگیری و ئارامی هەرێمی کوردستان، ئارامی و سەقامگیری عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

لە وەڵامی پرسیاری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە چ ئاستێکدایە، بەیان سامی عەبدولرەحمان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا هاوبەشێکی ستراتیژین و دۆستن و لەسەر بنەمای متمانە و بەرژەوەندی هاوبەش لە ناوچەکە مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو راپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دروستبووە، بەیان سامی عەبدولرەحمان روونیکردەوە، پێشتریش ئەمەریکا داوایکرد ریفراندۆم ئەنجامنەدەین، بەڵام ئێمە گوتمان مافی خۆمانە و ئەنجامماندا کەچی دۆستایەتیشمان هەر بەردەوام بووە و ئێستاش بەردەوام دەبێت، لەبەرئەوەی شتێکی ئاساییە لەنێوان دۆستەکان تێبینی و گلەییش هەبێت بەڵام کاریگەری نابێت لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، بەیان سامی ئاشکرایکرد، لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی داهاتوو، دوو شاندی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە یەکێکیان شاندی ژووری بازرگانی ئەمەریکایە کە گەورەترین ژووری بازرگانییە لە جیهاندا و خاوەنی دوو ملیۆن ئەندامە و تیشک دەخەنە سەر کەرتی کشتوکاڵ لە کارەکانیاندا، ئەمەش هەنگاوێکی دیکە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا دەباتە پێشەوە.