پاریس، رووسیا تۆمەتبار دەکات بە پەکخستنی پێگەی فەرمی پەرلەمانی فەرەنسا

K24 – هەولێر:

ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی فەرەنسا لەکارکەوتووە و پاریس مۆسکۆ تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی ئەو کارە و تاوەکو ئێستاش رووسیا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی نیشان نەداوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە فەرەنسا رایانگەیاندووە، ماڵپەڕی فەرمی کۆمەڵەی نیشتمانی فەرەنسا (پەرلەمان) لەوەتەی بەیانی رۆژی دووشەممە (27ـی ئادار/مارسی 2023)ـوە لە ئەنجامی هێرشێکی گرووپێکی هاککەرانی سەر بە رووسیا ناسراو بە "نۆ نەیم 057 (16)" پەکخراوە، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر بە هاوکاری و پشتوانییەکانی پاریس بۆ ئۆکرانیا.

لەوبارەیەوە ئیڤان فۆنتارینسکی، بەڕێوەبەری تەکنیکی کۆمەڵەی تالیس کە تایبەتە بە هێرشی ئەلیکترۆنی رایگەیاندووە، خزمەتگوزارییەکانی ماڵپەڕی فەرمی کۆمەڵەی نیشتمانی فەرەنسا (پەرلەمان) پەکخراوە و ناتواندرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

فۆنتارینسکی ئاماژەی بەوە کردووە، گرووپی "نۆ نەیم 057 (16)" هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی ئەنجامداوە و لە پێگەی فەرمی خۆیشی لە تیلیگرام رایگەیاندووە، ئەو هێرشە تۆڵەسەندنەوەیە لە فەرەنسا بەرامبەر بە هاوکاری و پشتوانییەکانی بۆ ئۆکرانیا لە دژی رووسیا.