بارانبارینی ئەمساڵ کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرهەمی دانەوێڵە هەبووە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بارانبارینی ئەمساڵ کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرهەمی دانەوێڵە هەبووە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ باش بێت، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت، بە هەمان نرخی ساڵی رابردوو دانەوێڵەی جووتیاران دەکڕنەوە و زۆرینەی بەرهەمی ئەمساڵیش وەردەگیرێت، بە پێدانی شایستەی جووتیارانیش وەزارەتی دارایی 500 ملیار دیناری بۆ وەزارەتی بازرگانی تەرخانکردووە.

بارنبارین خەرمانی جووتیارانی پڕ و چڕکردووە، زەوی داچێندراو بە دانەوێڵە تێر ئاو بووە و هێندەی نەماوە جووتیاران نزیک ببنەوە لە وەرزی دروێنە، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیش داوا لە جووتیاران دەکات کە لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەن بۆ وەرزی دروێنە و تەواوی گەنمەکەیان بهێنن بۆ سایلۆکان، چونکە بە گوتەی خۆیان ئەمساڵ زۆرینەی گەنمی جووتیاران بە ژمارە یەک وەردەگیرێت و چاوەڕێش دەکەن  بەرهەمی ئەمساڵ زیاتر بێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمساڵ هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، بۆیە داوا لە جووتیاران دەکەین لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەن ئامادەسازی بکەن و گەنمەکانیان بهێننە سایلۆکان".

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بڕیاریانداوە بەرهەمی دانەوێڵەی ئەمساڵ لە 1ی مانگی نیسان دەست بە وەرگرتنی بکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لەبەر درەنگ پێگەیشتنی لە 1ی مانگی ئایار گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت.

سەرەڕای نەبوونی بارانی پێویست لە ساڵی رابردوو، بەڵام بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 321 هەزار تۆن بوو، بۆ ئەمساڵ زیاتر لەو بڕە چاوەڕواندەکرێت، بۆ پێدانی شایستەی جووتیاران وەزارەتی دارایی 500 ملیار دیناری ئەسپاردەی وەزارەتی بازرگانی کردووە، پێشبینیش دەکەن لە وەرزی دروێنەی ئەمساڵدا زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن بەرهەم بهێندرێت.