پاکستان... بەهۆی دروسبوونی قەرەباڵغی بۆ بەدەستهێنانی ئاردی خۆڕایی حەوت کەس گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر:

لە هەرێمەکانی خەیبەر پختونخوا و پەنجاب-ی پاکستان، بەهۆی ئەو پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغییەی بۆ دابەشکردنی ئاردی خۆڕایی لەلایەن حکومەتەوە درووستبوو، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا، کە دووانییان ژن بوون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

بەگوێرەی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی پاکستان، دابەشکردنی بڕێکی سنووردار ئاردی بێبەرامبەر لە هەرێمەکانی خەیبەر پختونخوا و پەنجاب لەلایەن حکومەتەوە، قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆ و بێسەروبەری لێکەوتووەتەوە.

ئاماژە بەوەشدرا، لە شارەکانی موڵتان، موزەفەرگاهـ و فەیسەڵئابادی هەرێمی پەنجاب، چوار کەس بەهۆی قەرەباڵغییەوە گیانیان لەدەستدا.

هاوکات لە شارەکانی باننو و چارسەدەی هەرێمی خەیبەر پختونخوا-ش سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دوانیان ژن بوون.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی كه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، ژمارەیەک زۆری خەڵک دەبینرێت کە چوونەتە سەر بارهەڵگرەکان و هەوڵ دەدەن ئارد ببەن.

لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، ناڕەزایەتی لە بەرامبەر حکوومەت و پۆلیس بەهۆی ئەوەی رێوشوێنی پێویستیان لە دابەشکردنی ئارددا نەگرتووەتەبەر، نیشاندرا.

رۆژی هەشتی کانوونی دووەم لە هەرێمی سیند-ی پاکستان بەهۆی قەرەباڵغی زیانبەرکەوتووانی لافاوەکان بۆ وەرگرتنی ئارد کە حکومەت بە نرخی کەمکراو دەیفرۆشت، کەسێک گیانی لەدەستدابوو.