پەرلەمانی هەنگاریا ئەندامبوونی فینلاندی لە ناتۆ پەسەندکرد

فینلاند، بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە ناتۆ لە کۆتاییدا پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمانی تورکیا هەیە
دانیشتنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی هەنگاریا
دانیشتنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی هەنگاریا

K24 - هەولێر:

ئەنجوومەنی نیشتمانیی هەنگاریا، ئەندامبوونی فینلاند-ی لە ناتۆ پەسەندکرد.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە (27ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی نیشتمانیی هەنگاریا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی ئەندامبوونی فینلاند-ی لە ناتۆ پەسەندکرد.

لە دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی هەنگاریادا، ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ بە 182 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر شەش دەنگی نەخێر پەسەندکرا.

فینلاند رەزامەندی پەرلەمانی 29 وڵاتی ئەندامی ناتۆی بەدەستهێناوە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە ناتۆ لە کۆتاییدا پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمانی تورکیا هەیە.

رۆژی 24ـی ئەم مانگە، سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، تورکیا بڕیاریداوە پێش هەڵبژاردنی وڵاتەکەی، بەئەندامبوونی فینلاند لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند بکات و هەنگاریاش بڕیارە رۆژی دووشەممە (27ـی ئاداری 2023) بەئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە ناتۆ پەسەند بکات.

رۆژی 15ـی ئاداری 2022، حکومەتی فینلاند بە فەرمی نیازی خۆی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆ راگەیاند.