شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

کۆبوونەوەی رابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق
کۆبوونەوەی رابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق

K24 - هەولێر:

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراق، گەیشتە بەغدا.

ئەمڕۆ سێشەممە (28ـی ئادار/مارسی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم گەیشتە بەغدا.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە، جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەرەو بەغدا بەڕێکەوت.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، شاندەکە پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.

 

 

دوێنێ دووشەممە (27ـی ئادار/مارسی 2023)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە هەولێر، باسی لە دواین گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە دیدارەکەدا، ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەکردووە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنە سیاسیەی کە پێشتر لەنێوان لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق کراوە، کە بووەتە هۆی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، کێشەی نەوتیش بەهەمان شێوە چارەسەر بکرێت.

رۆژی یەکشەممە (26ـی ئادار/مارسی 2023)، شاندێکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌ گفتوگۆكانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ كه‌مال محه‌ممه‌د، وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا پێكهاتبوو، سەردانی بەغدای کرد.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە  بە کوردستان24ـی گوت، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە.

هەورامی پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی "رووبەڕووی هەموو ئەو تەنگەژانە ببینەوە"، تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازە لە پەرلەمانی عێراق، کە "پێموایە بەشێکی سەرەکی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە و سوودانی لە دوایین سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دووپاتکردووەتەوە".