کیم داوایەک لە زانایان ئەتۆمی وڵاتەکەی دەکات

K24 - هەولێر

رۆژنامەی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور داوای لە زانایانی ئەتۆمی وڵاتەکەی کردووە، بەرهەمهێنانی ماددەکانی دروستکردنی بۆمب زیاد بکەن.

بەگوێرەی راپۆرتی ئەسۆشێتد پرێس، تاقیکردنەوەکانی چەک لە کۆریای باکوور چڕتر بوونەتەوە و گرژیەکانیش زیاتر بوون، ئەمەش بەهۆی مانۆڕە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە، لە میانی کۆبوونەوەیەکی کیم جۆ ئون، لەگەڵ بەرپرسان و زانایان لە دامەزراوەی چەکی ئەتۆمی کۆریا، جەختی کردەوە لەسەر زیاد کردنی بەرهەمهێنانی ماددەکانی دروست کردنی بۆمب، بۆ فراوان کردنی جبەخانەی ئەتۆمی خۆی.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کیم بەدواداچوون بۆ پلانەکانی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی کردووە، لەکاتێکدا زاناکان کورتەیەکیان لەبارەی نوێترین سیستەمی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور بەو  پێشکەوتنانەی لە تەکنیکەکانی دانانی سەری ئەتۆمی لەسەر مووشەکەکان پێداوە.

رۆژی هەینی رابردوو کۆریای باکوور رایگەیاند، ئەم هەفتەیە ژێر دەریاییەک تاقیدەکاتەوە، کە توانای هێرشی ئەتۆمی هەیە و تیشکدەرە و دەبێتە هۆی تسونامییەکی تیشکدەرەوە بە قەبارەیەکی گەورە.

ئاژانسی کۆریای باکوور دەڵێت: ئەرکی ئەم چەکە ئەتۆمییە ستراتیژییە ئەوەیە کە بە دزییەوە بچێتە ناو ئاوەوە و دەبێتە هۆی تسونامیەکی تیشکدەری بەرفراوان لە رێگەی تەقینەوەیەکی ژێر ئاوەوە بۆ لەناوبردنی کەشتییە دەریاییەکانی دوژمن.