گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا: زۆریی بارانبارین بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکات

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "زۆریی بارانبارین و گلدانەوەی ئاو لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتری کارەبا لە هەردوو وێستگە کارۆئاوییەکە".

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، جگە لە وێستگەکانی گاز و نەوتی ڕەش و گازوایل، پشت بە دوو وێستگەی گەورەی کارۆئاوی دەبەستێت، ئەوانیش وێستگەی دەربەندیخان و دووکانن.''

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ئەو دوو وێستگەیە پشت بە ئاوی باراناو دەبەستن، ئەوەش بە پێی پلانێک بۆ بەردانەوەی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوی حکومەتی فیدراڵ دادەڕێژرێت؛ بەم شێوەیە کارەبا لەو دوو وێستگەیە بەرهەم دەهێنرێت و تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئومێد ئەحمەد ڕاشیگەیاند: ''خۆشبەختانە هەردوو بەنداو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوێکی زۆریان گل داوەتەوە کە سەرووی 300 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا ڕژاوەتە بەنداوەکان و ئێستادا ئاستی بەرزیی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان 492 مەترە و ڕێژەی ئاو 173 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا. سەبارەت بە دەربەندیخانیش، بەرزیی ئاستی ئاو 468.80 مەترە و ڕێژەی گلدانەوەی ڕۆژانەی ئاو 173 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا.''