پۆندێکی گەورە بۆ گلدانەوەی ئاو لە کۆیە دروستدەکرێت

پۆندێکی گەورە بۆ گلدانەوەی ئاو لە کۆیە دروستدەکرێت
پۆندێکی گەورە بۆ گلدانەوەی ئاو لە کۆیە دروستدەکرێت

K24 - هەولێر:

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارەکانی دروستکردنی پۆندی بانی ماران، دەستیپێکردووەتەوە و ئێستا 75٪ـی کارەکانی جێبەجێکراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، پۆندەکە دەکەوێتە ناحیەی شۆڕش لە قەزای کۆیە، بەرزییەکەی 16 مەتر و درێژییەکەی 60 مەترە، گوژمەی دروستکردنیشی زیاتر لە 550 ملیۆن دینارە.

ڕێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر بە پێگەی فەرمیی حکومەتی ڕاگەیاند: دوای وەستانی کارەکانی دروستکردنی پۆندی بانی ماران، مانگی10ـی ساڵی ڕابردوو (2022) کارکردن تێیدا دەستیپێکردەوە.

لەبارەی سوودەکانی پۆندەکەوە، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر، گوتی: ئەم پۆندە ئاوێکی زۆر گلدەداتەوە کە سوودی بۆ کاری ئاودێریی دەبێت و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەریشی بەراو دەکات.

پۆندی بانی ماران، جگە لەوەی کە سوودی بۆ کاری ئاژەڵداری دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەکە دەبێت، لەهەمانکاتدا ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات و ڕێبوار حەسەن ئەوەشی گوت: دوای تەواوبوونی پۆندەکە، ناوچەکە دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری.

ئێستا، 20 پۆندی دیکە لە قۆناخی سپاردن و تەندەرینگ دان، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو، بڕیاری دروستکردنی چەندین پۆند دابوون و کارەکانی بەشێک لەو پۆندانەش تەواوکران.