راوێژکاری دارایی سوودانی: ئابووری عێراق بەهێزە و باشتریش دەبێت

K24 - هەولێر

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند،  ئابووری عێراق بەهێزە و بەرەو باشتریش دەڕوات، بۆیە بانکی ناوەندی عێراق لە ئێستادا خستنەڕووی دۆلاری رۆژانە دەگاتە 200 ملیۆن دۆلار.

ئەمڕۆ سێشەممە 28/3/2023، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: "کەرتی دارایی عێراق لە هەلومەرجێکی باشدایە، بۆیە چەند ئامانجێکی لە خۆگرتووە، لەوانە کەمکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە هەزار و 450 دینارەوە بۆ هەر دۆلارێک بۆ هەزار و 300 دینار".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئازادی لە گواستنەوەی بازرگانی و سەرمایە هەیە، وەک کڕینی موڵکێک لە دەرەوەی وڵات، بە مەرجێک بە ئامرازە دیجیتاڵییەکانی بانکی دروست و لە رێگەی پابەندبوونی نێودەوڵەتییەوە تێپەڕێت، هەروەها دۆخی ئابووری عێراق وردە وردە بەرەو باشتر دەڕوات".

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی لەوە کردەوە، "بانکەکان دەستیان کردووە بە پابەندبوون بە رێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق،  بۆیە بانکی ناوەندی عێراق لە ئێستادا خستنەڕووی دۆلاری رۆژانە دەگاتە 200 ملیۆن دۆلار".

دەشڵێت: "ئابووری عێراق بەهێزە و بە ئاسانی رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە، دۆخەکەش بەرەو باشتربوون دەڕوات".