کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەر دەکرێت

پاسپۆرت
پاسپۆرت

K24 – هەولێر

نزیکەی سێ مانگە کێشەی نەمانی دەفتەر لە عێراق هەیە، ئێستا دابەشکردنی دەفتەری پاسپۆرت بەسەر بەڕێوەبەرایەت و نووسینگەکانی پاسپۆرت زیادکراوە و هاووڵاتییان دەتوانن بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی پاسپۆرت سەردانی نووسینگەکانی پاسپۆرت بکەن.

لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت داوایان لە هاووڵاتییان کرد سەردانیان نەکەن، تەنیا بۆ کەسانی نەخۆش و حاڵەتی پێویست نەبوایە مامەڵەی نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت رایی نەدەکرا.

عەقید ئەبوبەکر عەبدولرەحمان، لە نووسینگەی 1ی پاسپۆرتی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە دوێنێوە 2400 دەفتەری پاسپۆرتمان بۆ هاتووە، تا 15ی حوزەیران کێشەی دەفتەری پاسپۆرت بە تەواوی چارەسەر دەکرێت".

گوتیشی: "لە ئێستادا مامەڵەی ئەو هاووڵاتییانە زووتر رایی دەکرێت کە نەخۆشن یان حاڵەتێکی پێویستیان هاتووەتە پێش، دواتر ئەوانی دیکەش بەڕێ دەکرێن".

سەبارەت بە مامەڵەی ئەو کەسانەی بەنیازی حەج کردنن لە ئەمساڵدا، عەقید ئەبوبەکر گوتی: "ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە لەگەڵ نەخۆشەکان مامەڵەکانیان رایی دەکرێت".

راشیگەیاند، تا 15ی حوزەیران نیو ملیۆن پاسپۆرت چاپ دەکەن.