رووسیا تەواوی ناوچەی پیشەسازیی باخمووتی کۆنتڕۆڵ کرد

K24 – هەولێر:

دەسەڵاتدارانی هەرێمی دۆنێتسک لە ئۆکرانیا کە سەر بە رووسیان رایانگەیاند، هێزەکانی رووسیا پێشڕەوییەکی گەورەیان لە ناوچەی پیشەسازی لە باخمووت بەدەستهێناوە.

دەزگا راگەیاندنەکانی رووسیا لەسەر زاری دەسەڵاتدارانی هەرێمی دۆنێتسک لە ئۆکرانیا بڵاویانکردووەتەوە هێزەکانی سوپای رووسیا توانیویانە دەست بەسەر تەواوی ناوچەی پیشەسازیی باخمووتدا بگرن و بەرەو بەرەی ئەڤدیڤکا پێشڕەوی بکەن.

هەروەها دەسەڵاتدارانی هەرێمی دۆنێتسک رایانگەیاندووە، هێزەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 75 مووشەکیان ئاراستەی دۆنێتسک کردووە و زیانیان بە نزیکەی 20 یەکەی نیشتەجێبوون و ژێرخانی ئابووری ناوچەکە گەیاندووە.

لەلایەن خۆیەوە، ژەنەڕاڵ ئەلیکسەندەر سێرسکی، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی ئۆکرانیا رایگەیاند، سوپای رووسیا لە هەوڵەکانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی باخمووت بەردەوامن، بەڵام لەلایەن ئۆکرانییەکانەوە رووبەڕووی زیان بوونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا بڵاویانکردەوە، توانیویانە 13 درۆنی رووسی لە هەردوو بەرەی باکوور و باشووری رۆژهەڵات بخەنە خوارەوە.

رووسیا لە (24ـی شوبات/فێبرایەری 2022)، هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کرد و کە تائێستا بەردەوامە.