خەڵکی بەسرە دەستبەرداری خەونی دروستبوونی هەرێمێکی سەربەخۆ نەبوونە

هەرێمی بەسرە
هەرێمی بەسرە

K24 – بەسرە:

بەهۆی دۆخی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاری، هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکاری، زۆرینەی خەڵکی بەسرە داوادەکەن پارێزگاکەیان بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ.

کۆمەڵێک چالاکوان گرووپێکیان دروستکردووە، ئاڵا و لۆگۆیان بۆ هەرێمی بەسرە دروستکردووە، دەڵێن، "عێراق هیچ کاتێک ئارام نابێت ئەگەر فیدراڵی تێدا بەرجەستە نەبێت، گەر سەرکردەکان لە خەمی شارەکەدابان هەرگیز رێگڕنەدەبوون لەو هەنگاوە، چونکە بنەمای فیدراڵی لە دەستوور جێگیرکراوە و مافێکی سەرەتایی خۆمانە، بیرۆکەی هەرێمی سەربەخۆی بەسرە لەلایەن زۆرینەی ژمارەی دانیشتووان دروستبووە''.

لە بەدواداچوونێکی کوردستان24، کاسابکارانی بەسرە خۆزگە دەخوازن ببنە هەرێمێکی سەربەخۆ وەک هەرێمی کوردستان و ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەهۆی نەبوونی هەلی کار کێشەیان لە دابینکردنی خواردن هەیە و زۆرینەیان بەدەست برسێتی و بێکارییەوە دەناڵێنن. لەکاتێکدا، نرخی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ژمارەیەک کاسبکار بە نێردراوی کوردستان24ـیان راگەیاند، ''گرووپە چەکدارەکان رێگرن لەبەردەم ئەو خەونە لەمێژینەمان کە دروستکردنی هەرێمی سەربەخۆی بەسرەیە، بەڵام سەرەڕای هەبوونی ترس و تۆقاندن ‌هێشتا خەڵک دەستبەرداری ئەم خەونە نەبوونە''.

بەسرە لە حەوت قەزا و 16 ناحیە پێکهاتووە، لە ساڵی 2015ـــــەوە رێکارە یاساییەکانی بە هەرێمبوونی بەسرە تەواوکراوە، بەڵام تائێستا خەڵکەکەی لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.