حکومەتی هەرێم: کارگەیەکی ناوخۆیی بەرهەمە كوردییەكانی ئاكرێ هەناردەی دەرەوە دەكات

بەرهەمە كوردییەكانی ئاكرێ
بەرهەمە كوردییەكانی ئاكرێ

K24 – هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی تایبەتی بە كەرتی كشتوكاڵیی و وەبەرهێنان داوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە رایدەگەیەنێت، لەپێناو پتەوكردنی ژێرخانی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار و ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیاران، كارئاسانییەکی تەواو كراوە بۆ هەناردەكرنی بەرهەمە خۆماڵییەكان، لەم چوارچێوەیەدا، لە شارۆچكەی ئاكرێ سەر بە پارێزگای دهۆك، كارگەیەكی ناوخۆیی ماوەی ساڵێکە بەرهەمە خواردنە كوردییەكانی ئاكرێ وەکو (برنجی كوردی - سماق – تەحینی ئامێدی) هەناردەی دەرەوە دەكات.

ئاراس حامد، خاوەنی كارگەیەكە و لەبارەی چۆنیەتی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی خواردنە كوردییەكانی ئاكرێ بۆ بازاڕەكانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، بە ماڵپەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، پێشتر برنجی كوردی بە رێگەیەكی كلاسیك بەرهەم دەهێنرا و دەخرایە بازاڕەكانەوە، هەرچەند پێشتر لە دەستی جووتیارەكان ساغ نەدەكرایەوە، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی هەرێم پاڵپشتیەكی زۆری جوتیاران دەکات.

لە بارەی هەناردەكردنی بەرهەمەكان بۆ بازاڕی وڵاتانی ئەوروپی، خاوەنی كارگەكە دەڵێت: "بە هاتنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرنامەی هەناردەكردنی بەرهەمی جوتیاران بۆ دەرەوەی وڵات دروستبوو، ئەمەش رێخۆشكەر بوو بۆ بازرگانان تا ئەم بەرهەمانە هەناردەی دەرەوەی وڵات بكەن، جگە لەوەش، لابردنی باجی گومرگ لەسەر ئەو بەرهەمە خۆماڵیانەی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرێن، هۆكارێكی گرنگە بۆ گەشەسەندن و فراوان كردنی كاری وەبەرهێنان و هەناردەكردن بۆ دەرەوەی وڵات".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا بەرهەمەكانی ئەو کارگەیە، لە وڵاتانی (سوید، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا) بەردەستن.