وەزارەتی وزەی تورکیا: زۆرینەی داواکارییەکانمان لە دادگای پاریس قبوڵکراوە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی وزەی تورکیا لەبارەی دۆسیەی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دادگاکە زۆرینەی داواکارییەکانی تورکیای قبوڵکردووە و لە کۆی پێنج داواکاری عێراقیش چوارد داواکاری رەتکردووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (28ـی ئادار/مارسی 2023)، وەزارەتی وزەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، زۆربەی داواکارییەکانی تورکیای قبوڵکردووە و بڕیاریداوە عێراق قەرەبووی زیانەکانی ئەو وڵاتە بکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی وزەی تورکیا رای گشتی وڵاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە لەبارەی ئەو دۆسیەیە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو پرسە پەیوەندی بە ناکۆکی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییەوە هەیە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی وزەی تورکیادا هاتووە، " لەم قۆناغەی دۆسیەکەدا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەکۆی پێنج داواکاری عێراق، چوار داواکاری رەتکردەوە و زۆرینەی داواکارییەکانی وڵاتەکەمانی قبوڵکردووە و بڕیاریداوە کە عێراق قەرەبووی ئەو پێشێلکارییانە بداتەوە بە تورکیا".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی وزەی تورکیا وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگا، ئاماژە بەوەشکراوە، تورکیا هەوڵی چارەسەری ئەو دۆسیەیەی داوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو پرسە بەشێوەیەکی دۆستانە، لە چوارچێوەی پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و بازاڕی وزە لە جیهاندا.