وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: لەگەڵ تیمی هاریكاری ئاسایش له‌ كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان كۆبووینەوە

لایەنێکی کۆبوونەوەکە
لایەنێکی کۆبوونەوەکە

K24 – هەولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایدەگەیەنێت، لەگەڵ به‌رپرسی راوێژكارانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و به‌رپرسی تیمی هاریكاری ئاسایش له‌ كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبووینه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەخت لە گرنگی بەردەوامیی پشتگیری ئەمەریکا و هێزی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و هاوکاری و هەماهەنگیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە، بەئامانجی پشتگیریکردن لەهەوڵەکانی وەزارەت لەپرسی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەنگاوەکانی رابردووی وەزارەت بۆ پێکهێنان و دەستبەکاربوونی هەردوو فیرقەی (1و2)ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاووتوێکران، کە لەماوەی رابردوو بڕیاری لەسەر دراوە و زۆرینەی کارەکانیان لەرووی کارگێرییەوە بەکۆتا هاتوون، هاوکات جه‌خت لەجێبەجێکردنی رێککاری نوێ بۆ سەرخستنی ئەم پرسە کرایه‌وه‌.