لایەنەکان بۆ هەڵبژاردن لە چاوەڕانی پەرلەماندان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کۆمەڵێک کێشە و ئاستەنگ دەخاتەڕوو کە دەبێ بە زووترین کات لەلایەن حزبەکان و پەرلەمانی کوردستانەوە چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەی شەش مانگدا رێکارەکانی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

لیژنە تایبەتەکەی پەرلەمانی کوردستانیش بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات هەموو حزبەکان، دەبێت تا پێش مانگی پێنج لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن رێکبکەون. بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن دوای کاراکردنەوەیان لەلایەن پەرلەمانی کوردستان بتوانێت لە ماوەی شەش مانگدا کارەکانی خۆی راپەڕێنێت.

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپڕسی بە کوردستان24ــی راگەیاند، کۆمەڵێک ئاستەنگیان لەبەردەمدایە کە پێویستە چارەسەری بکەن، کێشەی یەکەم تەواوبوونی ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە کە پێویستە جارێکی دیکە لە پەرلەمانی کوردستان متمانە بە ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بدرێتەوە، هەروەها شوێنی دوو لە ئەندامان بەتاڵە پێویستە بە کەسی شیاو پڕبکرێتەوە، کێشەی دووەمیش، پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە.

پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی پێنج کەسی بۆ کاراکردنەوە و پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی کۆمیسیۆن پێکهێناوە، لیژنەکە لە ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان پێکدێت، بەڵام لیژنەکە تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە.

هەروەها سارا د‌ڵشاد، ئەندامی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی بۆشایی یاسایی گوتی: "دەتوانن سیڤیەکانیان بنێرن و ئێمەش هەڵسەگاندنی بۆ دەکەین، بەڵام جارێ کاتەکەی دیاری نەکراوە، هەرکاتێک سەرۆکی پەرلەمان داوابکات ئێمە دەستپێدەکەین بە وەرگرتنی سیڤی و هەڵسەگاندنی بۆ دەکەین''.