چەند خاڵێکی ناکۆک لە نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە یەکلانەکراونەتەوە

هەڵبژاردن/ ئەرشیڤ
هەڵبژاردن/ ئەرشیڤ

K24 - هەولێر:

لە دواین کۆبوونەوەی مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی، لەسەر کۆمەڵێک خاڵ رێککەوتنی سەرەتایی کرا،  بەڵام تا ئێستا  نەکراوە بە رەشنوسێک کە ھەمووان لەسەری رێکبکەون.

بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردنی یەکێتی لە ھەولێر نایشارێتەوە لەگەڵ دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردن نەبوون، چونکە ھێشتا بە فەرمی رێککەوتن نەکراوە، ئەو خاڵە ناکۆکانەی ماون یەکلایی نەکراونەتەوە .

ھەژار محەممەد بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردنی یەکێتی لە ھەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئێمە رێککەوتنمان لەسەر چەند خاڵێک کردووە، بۆ نموونە لەسەر لیستی دەنگدەران و سندووقی دەنگدەرانیش، داوامانکردووە لە بەغداوە بێت.

لە لایەن خۆیەوە هاوار محەممەد بەرپرسی بەشی یاسای دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند، چاوەڕێی یەکێتین تاکو وردەکاری رەشنووسی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پەرلەمان ئامادە بکرێت.

پارتی پێچەوانەی یەکێتی سوورە لەسەر ئەوەی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، داواش دەکات ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ رێککەوتن، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش ئاشکرای دەکات، چاوەڕوانی یەکێتین بۆ ئەوەی دوا کۆبوونەوەی خۆیان بکەن و رەشنووسی ڕێکەوتنەکە بۆ پەرلەمانی کوردستان ئامادەبکرێت.